کۆمپانیای ڤێریزۆنی ئەمریکی لە یارییەکی تۆپی پێی ئەمریکیدا، بەنهێنی تەکنەلۆجیای نەوەی پێنجەمی (5G) تاقیکردەوە و لەڕێگەیەوە کارگوزاران و میوانانی کۆمپانیاکە توانییان ڤیدیۆیەکی کوالێتی بەرز ببینن.
لەکاتێکدا دوێنێ، هاندەرانی یانەی تۆپی پێی هەڵۆکانی فیلادەلفیا ئاهەنگییان بۆ بردنەوەیان لە خولی تۆپی پێی ئەمریکی (Super Bowl LII)دا دەگێڕا، کۆمپانیای ڤێریزۆن بەنهێنی خێرایی تۆڕی تەکنەلۆجیای نەوەی پێنجەمی لە یاریگاکەدا لەسەر ڤیدیۆی کوالێتی بەرز و ڤێرچوال ڕیاڵیتی تاقیکردەوە.
ئەندازیاران لە شاری نیو یۆرک توانییان ڤیدیۆی ڕاستەوخۆی یارییەکە بە ١٨٠ پلە ببینین، لە هەمان کاتدا، کارگوزاران و میوانانی کۆمپانیای ڤێریزۆن توانییان ڤیدیۆی کوالێتی بەرز لەکاتی دووبارەکردنەوەی دیمەنی یارییەکەدا لە شاشەی دووەمی ناو یاریگاکەوە ببینن.
سانیۆجیتا شامسندەر، بەڕێوەبەری سیستمی ئیکۆیی نەوەی پێنجەم لە کۆمپانیای ڤێریزۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەم تاقیکردنەوەیەی لە خولی تۆپی پێی ئەمریکی (Super Bowl LII) و شاری نیو یۆرکدا ئەنجاممان دا، نمونەیەکی ترە بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نەوەی پێنجەم لە بەرنامە و چەندین بواری تردا کە پێشتر بە خەیاڵدا نەهاتووە."
هاوکات ئەمە یەکەم جار نییە کە کۆمپانیای ڤێریزۆن توانای نەوەی پێنجەم لە یاری تۆپی پێی ئەمریکیدا نیشان دەدات، چەند ڕۆژێک پێشتر، دوو یاریزان کە دوو کڵاوی ڤێرچوال ڕیاڵیتییان لەسەردا بوو، توانییان تۆپەکە بگەیەننە یەکتری و یاری بکەن بەبێ ئەوەی سەیری یەکتری بکەن، ئەوەش بە جۆرێک بوو، تۆڕی نەوەی پێنجەم کە لە کڵاوەکانیاندا پێکەوە بەسترابووەوە هێندە خێرابوو، واتە تۆڕەکە هێندە خێرا دیمەنی یارییەکەی بۆ دوو یاریزانەکە دەگواستەوە، هەرچەندە بە میلی چرکە دواکەوتن هەبوو، بەڵام کاریگەری لەسەر یاریزانەکان دروست نەکرد و بەبێ ئەوەی سەیری یەکتری بکەن یارییان دەکرد.
تەکنەلۆجییای نەوەی پێنجەم (5G) چییە؟
نەوەی پێنجەم تۆڕێکی تەکنەلۆجییە کە بەشدار دەبێت لە گەشەسەندنی داهاتووی بوارەکانی تەکنەلۆجیادا بە شێوەیەکی باشتر لە نەوەی چوارەم، بە جۆرێک لە بەستنی پەیوەندی و گواستنەوەی داتا و زانیاری و نیشاندانی ڤیدیۆ و چەندین بواری دیکەدا باشتر و پێشکەوتوو تر و خێراتر دەبێت.
ڤێرچوال ڕیاڵیتی چییە؟
ڤێرچوال ڕیاڵیتی (virtual reality) چەمکێکە بەکاردێت بۆ وەسفکردنی ژینگەیەک یان وێنەیەکی سێ ڕەهەندی کە لەڕێگەی کۆمپیوتەرەوە بەرهەمهێنراوە، هەروەها دەتوانرێت لەگەڵ کەسێکدا ببەسترێتەوە و بەشدار بێت تیایدا، واتە کەسەکە دەبێتە بەشێک لە جیهانی ڤیرچوالی یان بەشێکە لە ژینگە و وێنەکە و تیایدا دەتوانێت چەند چالاکییەک نمایش بکات.
0 التعليقات:
إرسال تعليق