دەسەڵاتدارانی ویلایەتی باشوری ئوسترالیا پلانێکیان ڕاگەیاندووە بۆ گۆڕینی هەزاران خانوو بۆ"گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایی ڕووناکی لە جیهاندا"، بەهاوکاری کۆمپانیای تێسلا.
بەگوێرەی پلانەکە بێت، نزیکەی ٥٠ هەزار خانوو لەو ویلایەتەدا بە تابلۆی خۆری و پاتریی بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای تێسلاوە دەبەسترێنەوە، کە تێچووی ئەو کارەش بێبەرامبەر دەبێت.
تێچووی ئەو پڕۆژەیە دەکەوێتە ئەستۆی زیادەی فرۆشی کارەبایی بەرهەمهێنراو، هەروەها بیمەیەکی حکومی بەبڕی دوو ملیۆن دۆلاری ئوسترالی (١.٦ ملیۆن دۆلار)، هەروەها بڕی قەرزێکی ٣٠ ملیۆن دۆلاری ئوسترالی کە لەلایەن سندوقی وەبەرهێنانی حکومی تایبەت بە تەکنەلۆجیای وزەی نوێبووەوە دابین دەکرێت.
پڕۆژەکە لە سەرەتادا بەقۆناغێکی تاقیکردنەوەییدا تێپەڕدەبێت کە تیایدا کەرەستەی بەرهەمهێنانی کارەبایی لە ١١٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی گشتی جێگیردەکرێن.
باشوری ئوسترالیا خاوەنی گەورەترین پاتری ئایۆنی لیسیۆمە لە جیهاندا، لە پاڵپشتیکردنی هێڵە کارەباییە لاوازەکانی ئەو ویلایەتە بەکاردەهێنرێت.
سەرۆکی حکومەتی ویلایەتی باشوور جەی ویزرل لەبەیاننامەیەکدا وتی"حکومەتەکەم گەورەترین پاتری لە جیهاندا پێشکەشکرد، ئێستاش گەورەترین وێستگەی کارەبایی ڕووناکی لە جیهاندا پێشکەشدەکەین".
وتیشی"خانووی دانیشتوان وەک هۆکارێکی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە ویلایەتەکەماندا بەکاردەهێنین، بەجۆرێک کە خێزانەکان بەشدار دەبن لە پاشەکەوتکردنێکی زۆری بڕە پارەی کارەبای تایبەت بە خۆیان".
0 التعليقات:
إرسال تعليق